وەزارەتی تەندروستی ئێران نوێترین ئاماری قوربانییانی بۆردمانەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 444 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 18 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی سێشەممە 17ی ئاداری 2026 وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند: “لە سەرەتای جەنگەکەوە، 18 هەزار و 254 بریندار بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون. لە نێویاندا، هەزار و 70 بریندار بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و 735 نەشتەرگەری ئەنجامدراوە.”
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، ” هەزار و 275 بریندار تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە، کە 45 کەسیان کەمتر لە دوو ساڵ بوون.”
سەبارەت بە کوژراوانیش وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: “لە کۆی 1,444 کەس کە کوژراوە، 204 کەسیان خوار 18 ساڵ بوون و 13 کەسیان کەمتر لە پێنج ساڵ بوون، هەروەها لە نێو کوژراوەکاندا 226 ژن هەن.”
ئەم ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو 15ی ئادارن کە بڵاوکراونەتەوە. لەم ماوەیەدا بەهۆی هێڕشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکە ژمارەیەکی زۆر کەس کوژراون و برینداربوون.