نەخۆشخانەی هیوا: شێرپەنجە لەنێو منداڵان زیادی کردووە

د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ئەمڕۆ ڕایگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە 35 بۆ 40 منداڵی تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمارکراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بەراورد بەساڵانی ڕابردوو تووشبوونی منداڵان بە شێرپەنجە زیادی کردوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەکە 109 نەخۆش تۆمارکراون و لەو ژمارەیە 35 بۆ 45 منداڵیان تووشبووی شێرپەنجەن،  ئەوانی تر نەخۆشی ناشێرپەنجەین، بەڵام لە نەخۆشخانەکە چارەسەر وەردەگرن.”

د.یاد نەقشبەندی گوتیشی: “بە دڵنیاییەوە لە سەرانسەری عیراق و هەرێمی کوردستان پێشکەوتووترین خزمەتگوزاریی شێرپەنجەی بۆ منداڵان لە نەخۆشخانەی هیوا پێشکەش دەکرێت و جیا لە چارەسەری پزیشکی هەوڵدەدەن لایەنی دەروونیش پشتگوێ نەخەین.”

لە کۆتایشدا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، سوپاسی ڕێکخراوی منداڵ پارێزانی کوردستانی کرد، کە بەردەوام هاوکاری نەخۆشخانەکەن و بەدەم داواکارییەکانیانەوە دەچن.