دوای ئەوەی کەشناسی عێراق، پێشبینی کرد بارانی بەخۆر ببارێت، لە چەند پارێزگایەکی عێراق کرایە پشووی فەرمی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش، هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 ڕەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی ڕایگەیاند: “بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، بارانی بەلێزمە بەشی زۆری پارێزگای نەینەوای گرتووەتەوە، بۆیە بڕیاردرا ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت لەم پارێزگایە پشوو بێت.”
ڕەفعەت سمۆ، داواشی لە هاووڵاتییان کرد، ‘بۆ کاری پێویست نەبێ لە ماڵەوە دەرنەچن.’
هاوکات پارێزگای ‘موسەنناش’ بە هەمان هۆکار ئەمڕۆی کردە پشوو و پارێزگاری بەغداش داوای کاراکردنی شانەی قەیرانەکانی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێک.
لە لایەکی دیکە، وەزیری کارەبای عێراق گوتی: “داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکان و تیمەکانی چاککردنەوە دەکەم لە بنکەکانیان ئامادە بن بۆ چاودێریکردنی تۆڕەکانی کارەبا و وەڵامدانەوەی خێرای سکاڵای هاووڵاتییان.”