بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵی ئاگادار کردەوە کە ڕاوە ماسی لە سەرجەم چەم، ڕووبار و دەریاچەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەیە.
ڕۆژی هەینی 13ی ئادری 2026 بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ڕایگەیاند: “پاڵپشت بە یاسای ژمارە 48ی ساڵی 1976، بڕیارمان دا بە قەدەغەکردنی ڕاوە ماسی لە 15-03-2026 تاوەکو 15-06-2026. بەکارهێنانی کارەبا، ماددەی ژەهراوی، تەقەمەنی و تۆڕی کونی ورد لە هەموو وەرزەکاندا بە تووندی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا دەبنەوە.”
بەڕێوەبەرایەتی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ئاماژەی بەوەش کرد، “بەکارهێنانی شێوازە نایاساییەکانی ڕاوکردن دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەکۆمەڵی زیندەوەرە ئاوییەکان و تێکدانی هاوسەنگی ژینگەیی.”
ئەم بڕیارە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵ لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، زاخۆ و سۆران) کراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و پۆلیسی دارستانەوە چاودێری جێبەجێکردنی بکەن.