فڕۆکەیەکی جەنگی کەوتە خوارەوە و چوار سەرباز گیانیان لەدەستدا

شەوی ڕابردوو، فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە جۆری ‘KC-135’ـی سووتەمەنی گواستنەوە لە ڕۆژئاوای عێراق کەوتە خوارەوە، سێنتکۆم دەڵێت: کەوتنی فڕۆکەکە بەهۆی تەقەی دوژمنکارانە یان تەقەی هەڵەی هێزە دۆستەکانەوە نەبووە.

ئەمڕۆ هەینی 13ی ئاداری 2026 فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند: “فڕۆکەکە 6 سەرنشینی تێدابووە و گیانلەدەستدانی چواریان پشتڕاستکراوەتەوە. دوو سەرنشینی تریش بە سەختی بریندارن.”

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کرد، “هۆکار و بارودۆخی ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان، بەڵام ڕووداوەکە بەهۆی هێرشی دوژمنانەوە نەبووە. ناسنامەی سەربازەکان ئاشکرا ناکرێن تاوەکو 24 کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی کەسوکاری پلە یەکیان تێنەپەڕێت.”

ئەم فڕۆکەیە کە ئەرکی گەیاندنی سووتەمەنی بووە بە فڕۆکەکانی دیکەی هاوپەیمانان لە ئاسماندا، لە ناوچەیەکی بیابانی ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار کەوتووەتە خوارەوە.