ترەمپ: کوشتنی سەرکردەکانی ئێران شانازییەکی گەورەیە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی زۆر تووند ئاراستەی تاران دەکات و ڕایگەیاند: ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریایی ئێران بوونیان نەماوە. کوشتنی سەرکردەکانی تارانیش شەرەفێکی گەورەیە .

ئەمڕۆ هەینی 13ی ئاداری 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ڕژێمی تیرۆریستی ئێران بەتەواوی لە ڕووی سەربازی، ئابووری و بوارەکانی دیکەوە تێکشکێنراوە. هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران نەماون و مووشەک و درۆنەکانیشیان تێکشکێنراون.”

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “ئێمە هێزێکی ئاگرینی بێوێنە و تەقەمەنی بێسنوور و کاتی زۆرمان لەبەردەستە، تەنیا تەماشاکەن بزانن ئەمڕۆ چییان بەسەر دێت.”

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەش کرد، “ئێران ماوەی 47 ساڵە خەڵکی بێتاوانی لە سەرتاسەری جیهاندا کوشتووە، ئێستاش من وەک 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوان دەکوژم. ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ من”.

ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو لەم جەنگەدا لانیکەم 49 سەرکردەی باڵای ئێرانیان کوشتووە، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.