وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: هەر ماڵێک بە ئەلیکترۆنی دوو بوتڵ غاز وەردەگرێت

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: مانگانە دوو بوتڵ غازی ماڵان بە کارتی ئەلیکترۆنی و بە 8 هەزار و 500 دینار بۆ هەر بوتڵێک دەدرێتە هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵکشانی نرخی غازی شلی ماڵان و وەکو هەنگاوی یەکەم لە پارێزگای هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێگەی بریکارەکانی گەڕۆکەوە و بەکارتی ئەلیکترۆنی دەست بە دابەشکردنی غاز بۆ ماڵان دەکات.”

لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە: ” پڕۆسەکە 30 ڕۆژە و هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم سیستمەوە بە کارتی ئەلیکترۆنی 2 بوتڵ غازی ماڵان بە نرخی فەرمی 8 هەزار و 500 دینار لە ڕێگەی بریکارەکانی غاز فرۆشەکانی گەڕۆک وەربگرن.”

لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران کۆمپانیای دانە غاز لە پێناو سەلامەتی کۆمپانیا و کارمەندەکانی، بەرهەمهێنانی غازی ڕاگرتووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بازرگانان نرخی غازی ماڵان گران بکەن.