پۆلیسی ئێران: پەنجەمان لەسەر چەکەکانمانە و هاووڵاتی خۆمان وەک دوژمن سەیر دەکەین

دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە ئێرانییەکان کرد دژی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان ڕاپەڕن، پۆلیسی ئێران هۆشداری دایە هاووڵاتییانی لەوەی خۆپیشاندان بکەن و ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 ئەحمەد ڕەزا ڕادان، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: “هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشییەکی تەواوەتیدان و دەستەکانیان لەسەر چەکەکانیانە.”

ئەحمەد ڕەزا گوتیشی: “هەرکەسێک لەسەر فەرمانی دوژمن بێتە سەر شەقامەکان، چیتر وەک خۆپیشاندەر مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو وەک دوژمن دەبینرێت و بەو شێوەیەش ڕووبەڕووی دەبینەوە.”

ئەم هەڕەشانەی پۆلیسی ئێران دوای پەیامێکی ڤیدیۆی ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل دێت، کە داوای لە خەڵکی ئێران کردبوو، لە دژی ڕژێمی ئێستای وڵاتەکەیان یاخیبن و خۆپیشاندان بکەن.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار هانی ئێرانییەکانی داوە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دەرفەتێک بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان سەیر بکەن.