هێرشکرایە سەر سلێمانی و پێشمەرگەیەک شەهید بوو

ئەمڕۆ بەیانی لە چەند کاتێکی جیاواز بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگەی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زڕگوێزی سنووری پارێزگای سلێمانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە داڵ میدیای ڕاگەیاند: “بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە هێرشێکی کتوپڕدا بە نزیکەی حەوت درۆنی بۆمبڕێژکراو، بنکەکانمان لە ناوچەی ‘زڕگوێز’ی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرانە ئامانج.”

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: “بەهۆی بۆردوومانەکانەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون، کە بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.”

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست داڵ میدیا کەوتووە، ئەو پێشمەرگەیەی شەهید بووە ناوی ‘ئومێد وەیسییە’ و خەڵکی ڕوانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بە ‘ئومێد ڕوانسەری’ ناسراوە.

 ناوچەی زڕگوێز دەکەوێتە نزیک شاری سلێمانی، ساڵانێکە وەک بنکەی سەرەکیی هێزەکانی کۆمەڵە ناسراوە.