بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی و سەربازی ئەنجامدرا

کۆبوونەوەی سەربازی و ئەمنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ 10-3-2026

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ئەمنی و سەربازی بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکە تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و هێڕشەکانی سەر هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ” لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.”

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكه‌ی دراوسێ.”

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بریتیی بووە لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم دەیخاتەڕوو، “بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکانی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان ‌و جه‌خت كرايه‌وه‌ كه‌ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی.”

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەبوون.