بانکی جیهان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بانکی جیهان هیچ مامەڵەیەك ناکات پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت، و هیج جۆرە قەرزێك نادات بە هاووڵاتییان.”
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026 بانکی جیهان لە ڕوونکردنەوەیکدا سەبارەت بە خزمەتگوزاریی تەمویلکردن بە شێوازی ‘مورابەحە’ ڕایگەیاند: “لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە گوایە بانکی جیهان قەرز دەداتە هاووڵاتییانی بەشداربوو لە پڕۆژەی ‘هەژماری من’، بە بڕی پێنج مووچە، بۆ کڕینی کاڵا و شتومەك. بە پێویستی دەزانین هەواڵەکە ڕاست بکرێتەوە بانکی جیهان، هیچ مامەڵەیەك ناکات پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام بێت، و هیج جۆرە قەرزێک نادات بە هاووڵاتییان.”
بانکی جیهان، ئاماژەی بەوەش کرد، “گشت خزمەتگوزارییەکان بە پێی ڕێنمایی دەستەی چاودێری شەرعی بانک ئەنجامدەدرێن. ئەوەی کە هەیە و پەسەندکراوە قەرز نییە، بەڵکو بە شێوازی (تەمویلی مورابەحەی ئیسلامی و تەوکیلە)، ئەمەش ڕێگەپێدراوە لە ڕووی شەرعییەوە.”