کەسێک بەهۆی دزینی حەوت ماتۆڕسکیل دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەكرەجۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێك بە تۆمەتی دزینی چەند ماتۆڕسكیلێك دەستگیركرا.

ڕۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: “لەكاتی گەڕان و دەرچوونەكانی مەفرەزەكانی پۆلیسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەكرەجۆ تۆمەتبارێكی بەناسنامە عەرەبیان دەستگیركرد و دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكان دەركەوت تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی حەوت تاوانی دزینی ماتۆڕسكیل لە گەڕەكەكانی شاری سلێمانی .”

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ” لە ئێستادا تۆمەتبار ( ئ. ج. ئ بە ناسنامە عەرەب ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە .”

لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئەمە دووەم تۆمەتبارە لە شاری سلێمانی لەسەر دزیکردن دەستگیردەکرێت، پێشتریش تۆمەتبارێکی دیکە بەهۆی دزیکردن لەنێو گیرفانی هاووڵاتییان دەستگیرکرابوو.