شەوی ڕابردوو بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانە بە ناوی ‘وڵات تاهیر’ شەهید بوو و سێ کارمەندی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی وڵات تاهیر کرد و ڕایگەیاند: “شەهید وڵات لە ئەنجامی هێرش و پەلامارێکی تیرۆریستیی ناڕەوا و ستەمکارانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکەیدا بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، شەهید بوو.”
هەروەها دەربارەی شەهیدبوونی وڵات تاهیر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ کەسوکاری شەهید وڵات، ڕایگەیاند: “پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوکارانی شەهید وڵات تاهیر کارمەندی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکەم و هاوبەشی خەمیانم، کە بەداخەوە، لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری ناڕەوا و ستەمکارانە و تیرۆریستیانەی سەر هەرێمی کوردستان شەهید بوو.”
شەهید وڵات لە نۆیەمین شەوی هێرشی درۆنی و موشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستدا. وڵات تاهیر کارمەندێکی ئازای ئاسایش بوو و تەمەنی 31 ساڵ و خێزاندار بوو، خاوەنی دوو کوڕ بوو و یەکێکیان تەمەن تەمەنی تەنها حەوت مانگە و یەکێکی دیکەشیان تەمەنی دوو ساڵ و نیووە.
باوکی وڵات دەربارەی شەهیدبوونی کورەکەی دەڵێت: “ڕاستە کوڕەکەم ڕۆشتوە و پشتمان شکاوە بەو کۆستە، بەڵام ئێمە ورەمان بەرزە و دەزانین کوڕەکەم لەپێناو نیشتیمان رۆیشتووە.”