ژنێکی دووگیان خانووەکەی بەسەردا ڕووخاو گیانی لەدەستدا

بەهۆی بۆردوومانێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، کە بنکەیەکی سوپای پاسدارانی کردبووە ئامانج لە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا لە نێویان ژنێکی دووگیان هەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئاداری 2026 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی، سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستداوە کە پێکهاتبوون لە؛ فەرزاد بازرگانی تەمەن 34 ساڵ خەڵکی گوندی ‘دەرێ’ی مەریوان، میترا جەلیلاوی تەمەن 30 ساڵ خەڵکی شاری ‘ئەهواز’ و کارەن بازرگانی تەمەن 4 ساڵان.”

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “ماڵی ئەم خێزانە لە نزیک ناوەندێکی سەربازیی سوپای پاسداران بووە، لە کاتی بۆردوومانکردنی ئەو ناوەندەدا، خانووەکەیان بەسەریاندا ڕووخاوە و هەرسێکیان گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دەرکەوتووە کە ‘میترا’ لە مانگی نۆیەمی دووگیانیدا بووە و چاوەڕێی لەدایکبوونی کۆرپەکەی بووە، بەڵام ئەویش لە سکی دایکیدا گیانی لەدەست داوە.”

ماوەی چەند ڕۆژێکە بنکەکانی سوپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە چڕی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆردوومان دەکرێن.