پسپۆڕێکی خۆراک: گوشتی قیمەکراو خراپە و لە هەرێمی کوردستانیش ڕێگە پێدراو نییە

پسپۆڕێکی خۆراک، ڕایگەیاند؛ گۆشتی قیمەکراوی قەساب 50 جار زیاتر، بەکتریا گەشەی تێدا دەکات بەراورد بە گۆشتی ئاسایی و خێراتر تێکدەچێت.

ڕۆژی شەممە 7ی ئاداری 2026 لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک ڕایگەیاند: “لەڕووی تەندروستییەوە باش نییە کە قیمەی ئامادەکراو بەکاربهێندرێت، لە هەرێمی کوردستانیش ڕێگە بە فرۆشتنی نادرێت، چونکە زۆرجار دڵ یان چەند بەشێکی دیکەی ئاژەڵەکە دەهاڕدرێن و تێکەڵی قیمەکە دەکرێن و ئەوەش زیانی هەیە.”

لەشکر حەمید گوتیشی: “هەندێکجار گۆشتی بەستوو دەکرێت بە قیمە کە چەند جارێک خاو دەبێتەوە و دووبارە دەکرێتەوە ناو ساردکەرەوەوە ئەوەش لەڕووی تەندروستییەوە ڕێگەپێدراو نییە، بۆیە دەبێت لەوکاتە گۆشتەکە قیمە بکرێت کە لە گۆشتفرۆشەکان دەیکڕین.”

ئەو پسپۆرەی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو گۆشتەی لەماڵەوە خۆمان دەیکەین بە قیمە تەندروستە و دەتواندرێت بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵبگیرێت، بەڵام دەبێت لە فرێزەردا بێت و خاو نەبێتەوە.”