ئەمڕۆ سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی ڕایگەیاند؛ “لە ڕۆژانی پشووش سەردانی دووکان و بازاڕەکان دەکەین و هەرکەسێک گرانفرۆشی بکات سزا دەدرێت.”
ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026 هیوا ساڵح، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: “لە ڕۆژانی پشووشدا لیژنەکانیان بەردەوامن لە سەردانیکردنی دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەمەبەستی چاودێریکردنی نرخ و کوالێتی کەلوپەل و خۆراک کە دەفرۆشرێن بە هاووڵاتییان.”
هیوا سالح گوتیشی: “تەواوی نوێنەرەکان لە 11 سێکتەری جیاواز چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی زۆر چاوی لەسەرە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، نرخی کەلوپەل و کاڵاکانە.”
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەش کرد، “تاوەکو ئێستا هیچ بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان ڕووینەداوە، ئەوەشی هەبووە کۆنتڕۆڵکراوە، هەندێک بەرزبوونەوەی نرخ هەیە بەهۆی بەرزی بەهای دۆلارەوەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی گرانفرۆشی نەکراوە و هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات سزادەدرێت.”