سەرەڕای ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، هێشتا گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ لا نەچووە و ماوەی 45 ڕۆژە شارەکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە گەمارۆ دراوە.
ئەمڕۆ 5ی ئاداری 2026 سەرچاوەکانی نزیک لە هەسەدە ڕایانگەیاند: دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێ زۆر خراپە و تادیت خراپتر دەبێت، بەهۆی گەمارۆکانەوە سەتان هەزار کەس لە نێو شارەکە گیریان خواردووە. خەریکە دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە شارەکە نامێنێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، نەبوونی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی مەترسی لەسەر ژیانی سەتان کەس دروستکردووە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
زیاتر لە 600 هەزار کەس لە شاری کۆبانێ دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا 200 هەزار ئاوارە ڕووی لە شارەکە کردووە، کە ئەمە دۆخەکەی زیاتر لەسەر خەڵک قورس کردووە.