داڵ میدیا – تایبەت
لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران، چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی ئاڕاستەی هەولێر کراون و لەلایەن دوو قەڵغانی ئەمریکی بەبەردەوامی پوچەڵکراونەتەوە.
ئەم دوو قەڵغانە چۆن کاردەکەن و تێچووی هەر یەکەیان چەندە؟
هەردوو قەڵغانەکە بە دوو شێوازی جیاواز کار دەکەن، یەکەمیان ‘سیستەمی سیرام (C-RAM)’ بۆ مەودای نزیک بەکاردێت. ئەرکی تێکشکاندنی درۆن و هاوەنە، لە فڕۆکەخانەی هەولێر و کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر جێگیرکراوە. نرخی ئەم سیستەمە 15 ملیۆن دۆلارە. هاوکات نرخی هەر فیشەکێکی 30 دۆلارە و لە هەر چرکەیەکدا 75 گوللە دەتەقێنێت. واتا گەر بۆ ماوەی 3 چرکە بەرگری بکات، نزیکەی 10 ملیۆن دینار تێچووی دەبێت.
سیستەمی دووەمیان، کە ‘پاتریۆت (patriot)’ی پێدەگوترێت و بۆ بەرگری دوور بەکاردەهێنرێت. ئەم سیستەمە قەبارەی گەورەیە و لە فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر جێگیرکراوە و بۆ تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان بەکاردەهێندرێن. نرخی ئەم سیستەمە زیاتر لە 1 ملیار دۆلارە، تەنها بۆ تەقاندنەوەی یەک ئامانج تێچووەکەی 4 ملیۆن دۆلارە کە دەکاتە 6 ملیار دیناری عێراقی.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو درۆن و مووشەکانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان نرخەکەیان نزیکەی 20 هەزار دۆلارە، تەنانەت بەگوێرەی سەرچاوەکان بەشێک لە درۆنەکان نرخیان نزیکەی 300 تا 500 دۆلار دەبێت. بۆیە ئەمریکا ناچارە مووشەکێکیان ئاراستە بکات بە نرخێکی زیاتر بۆ ئەوەی نەکەونە خوارەوە، کە تێچووەکەی بە 4 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. واتە 200 ئەوەندەی درۆن و مووشەکەکان خەرج دەکات.