پێشمەرگەیەک لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی شەهیدبوو

وێنەی جەلال رەشید، پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان، لە هێرشێکی مووشەکی دێگەڵە شەهیدبوو

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک دێگەڵەی سنووری پارێزگای هەولێر، مووشەکێک بەر بارەگەیەکەی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان کەوت و دەرئەنجام پێشمەرگەیەک شەهیدبوو و سێی دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان ڕایگەیاند: پێشمەرگەیەکمان بەناوی جەلال رەشیدی کە خەڵکی سەقزە و منداڵێکی هەیە شەهیدبوو، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بوو بۆ سەر بارەگای پارتی ئازادی کوردستان لە نزیک دێگەڵە.

داڵ میدیا زانیوویەتی ئەو پێشمەرگەیەی شەهیدبووە ناوی ‘جەلال رەشید’ و پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستانە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی ئازادیی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند: “هێرشەکە لە ڕێگەی دوو مووشەکەوە بووە و جگە لە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکمان  سێ پێشمەرگەی دیکە بریندارن.”

ئەمەش لە کاتێکدایە درەنگانی شەوی ڕابردووش هێرش كرایە سەر سنووری دێگەڵە و كۆیە و كەمپی ئاوارەكان. وە بارەگەی حزبی دیموكراتی كوردستان كرایە ئامانج.