پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێچیرڤان بارزانی وڵاتێکی گەورەی لەسەر هێڕشەکانی هەرێم هێنایە سەر خەت

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، پشتیوانی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە، دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێگەیشت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، “لە پەیوەندییەکەدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوسۆزی و پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.”

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە، “هەردوولا پەرەسەندنە بەردەوامەکانی ناوچەکە و ئاسۆکانی چارەسەرکردنی کێشه‌کانیان تاوتوێ کرد و هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامی هاوئاهەنگی نزیکی نێوانیان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری”.

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەشدا ئاماژە بەوە کراوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیریی بەردەوامی فەرەنسای بۆ هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لە گرنگی ڕۆڵی فەرەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ کردەوە.