سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە دوو شوێن و دوو کاتی جیاواز هێرش کرایە سەر پێشمەرگە و بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە فەرماندەی دەڤەری یەکی پێشمەرگە، چەند کەسێک برینداربوونە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئاداری 2026 سەرچاوەیەک لە فەرماندەی دەڤەری یەکی پێشمەرگە بە داڵ میدیای ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ لە دوو کاتی جیاوازدا دوو هێرش کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی 11ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشێکیان لە کاتژمێر 3:00ی سەرلەبەیانی بووە و ئەوەی دیکەشییان کاتژمێر 8:30 خولەک بووە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا کەسێک بە سوکی برینداربووە و هەندێک زیانی ماددی هەبووە.”
لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ بەیانی بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی سنووری کۆیە و لەناو کەمپەکەدا بنکەیەکی تەندروستی و جبەخانەیەکی چەک کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک بە سووکی بریندار بووە.
شایەتحاڵێک لە شوێنی ڕووداوەکە گوتی: “جگە لە سێ درۆن، مووشەکێکیش لە کەمپەکە دراوە و هیچ سیستمێکی ئاسمانی نەیتوانیوە بەر بە هێرشەکە بگرێت”.
وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە سوودانی، سەرۆکی حکوومەتی فیدراڵ و فەرماندەیی گشتی هێزەچەکدارەکان کرد، سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژی و کردە دوور لەیاساییانە دابنێت و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە رووبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بکات، بەردەوامی دان بەم کردەوە تیرۆرستیانە بێ وەڵام نابێت.