پێویست ناکات هاووڵاتییان دەرمان بکرن بۆ هەڵگرتن

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی دەڵێت؛ “پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، تەنیا ژەمەکانی بڕیاردراو بەو بڕەی لەلایەن پزیشکی چارەسەر دیاریکراوە  بەسە بۆ دابینکردن و هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە.”

ڕۆژی دووشەممە 2ی ئاداری 2026 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئامادەکاری کراوە بۆ هەر پێشهاتێک و ئەگەرێکی نەخوازراو، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، لە کەرتی گشتیی و تایبەت، بڕێکی باشی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە کۆمپانیاکان و کۆگاکان هەیە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات.”

سامان بەرزنجی گوتیشی: “پێویست ناکات هاووڵاتیان بڕی زیاتر لە پێویست دەرمان بکڕن بۆ هەڵگرتن، هیچ دەرمان و پێداویستی پزیشکی گران نەبووە، پێویستە هاووڵاتییان لەکاتی کڕینی دەرمان و پێداویستی، پارەی زیاتر لەو نرخە نەدەن کە لەسەر ستیکەری حکومەت دیاریکراوە.”

وەزیری تەندروستی، ئاماژە بەوەش دەکات، لەکاتی پێویستیدا، هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە 122ی ئەمبوڵانسی فریاکەوتنەوە بکەن.