ئەمڕۆ گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران ڕایگەیاند؛ “هاووڵاتییەکی تەمەن 45 ساڵ لە سنووری قەزای ڕەواندز بەهۆی مین بەرکەوتنەوە قاچێکی لەدەست دا.”
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026 رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، ڕایگەیاند: “ڕووداوێکی بەرکەوتنی مینمان هەیە لە سنووری قەزای ڕەواندز، هاووڵاتییەکی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی ‘کاروان حوسێن خدر’ بە مەبەستی لێکردنەوەی گژوگیایی بەهارە چووەتە ئەو شوێنە و لە ئەنجامدا بەهۆی مین بەرکەوتنەوە قاچێکی لەدەست داوە.”
رەوەند هاودیانی، گوتیشی: “هەموو تیمەکانمان و تیمەکانی بنکەی ڕەواندز گەیشتووەنەتە شوێنەکە، هاووڵاتییەکەیان بە برینداری ڕزگار کردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.”
لە مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ ئەمە سێیەمین هاووڵاتییە لە سنووری سۆران بەر مین دەکەوێت، پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش کوڕ و باوکێک بەر مین کەوتن و بەهۆیەوە باوکەکە گیانی لەدەستدا.