دەروازە سنوورییەکان داخران و بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگیرا

شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامە و  لە هەندێک وڵاتیش دەروازە سنوورییەکان داخران. لە چەند ناوچەیەکی تریش بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگیرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026 عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: “هەر سێ دەروازە سنوورییەکەی نێوان باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕووی هاتووچۆی ڕۆژانەدا داخراون. تەنیا هاتووچۆی بارهەڵگرە بازرگانییەکان بەردەوام دەبێت.”

لەلایەکی دیکە کۆمپانیای شاماران ڕایگەیاند: لەلایەن هاوبەش و بەکارخەری کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنگ لە پارێزگای دهۆکەوە ئاگادارکراوەتەوە کە بەرهەمهێنانی نەوتیان بە شێوەیەکی کاتی وەک رێکارێکی خۆپارێزی وەستاندووە.

کۆمپانیای شاماران، لە کێڵگەی ئەترووش خاوەنی 50%ی پشکەکانە و لە کێڵگەی نەوتی سەرسنگیش خاوەنی 18%ی پشکەکانە.