بەرگری شارستانی: ئەگەر لە ماڵەوەیت خێرا بڕۆ بۆ پەناگەیەک

درەنگانی شەوی ڕابردوو بەرگری شارستانی هەولێر، چەند ڕێنماییەکی خۆپارێزی بۆ هاووڵاتییان لە کاتی هێرشی مووشەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ “ئەگەر لە ناو ماڵیت، پێویستە دەستەبجێ بچیتە شوێنێکی ئارامتر.”

ڕۆژی دووشەممە 2ی ئاداری 2026 بەرگری شارستانی هەولێر ڕایگەیاند: “پاراستنی سەلامەتیت لە کاتی هێرشی مووشەکیدا پەیوەستە بە خێرایی بڕیاردان و ئارامیی دەروونی، پێویستە پابەندی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی بیت، بۆ پاراستنی خۆت و خێزانەکەت.”

بەرگری شارستانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، “ئەگەر لەناو ماڵیت، پێویستە دەستبەجێ بچیتە شوێنێکی ئارامتر، بەهیچ شێوەیەک لە پەنجەرە و دەرگا نزیک مەبەوە، چۆنکە مەترسی تەقینیان لەسەرە. ئەگەر لەدەرەوە بوویت یان لە ناو ئۆتۆمبێل بووی هەوڵبدە بچیتە نزیکترین بینا لێتەوە.”

بەرگری شارستانی باسی لەوەش کرد، کە پێویستە دووربکەونەوە لە ستوونی کارەبا و تابلۆکانی ڕێکلام، هەروەها غازی چێشتخانە و کارەبای سەرەکی بکوژێننەوە بۆ ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە.

بەرگری شارستانی هەولێر هۆشداریش بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت: “هەرگیز لەو پارچە مووشەک یان تەقەمەنییانە نزیک مەبەرەوە کە نەتەقیونەتەوە، ڕەنگە هەر ساتێک بێت بتەقنەوە. لە ڕێگەی ڕادیۆ یان پەیجە فەرمییەکانەوە چاودێری ڕێنمایی نوێی بەرگری شارستانی بکە. لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو پەیوەندی بە ژمارە 115ی بەرگری شارستانی بکە.