بافڵ تالەبانی: لەگەڵ پارتی لە پەیوەندی بەردەوامداین

دوێنێ بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند; “لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەم دۆخەی ئێستا.”

ڕوژی شەممە 28ی شوباتی 2026 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان, پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “جارێکی دیکە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە. وەک هەمیشە، دڵنیام کە ئێوە بە بەهێزی، خۆڕاگر و یەکگرتوویی دەمێننەوە.”

بافڵ جەلال تاڵەبانی گوتیشی: “لەپێناو ئەم یەکگرتن و یەکڕیزییە گرنگ و پێویستە، لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقی و کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەوەی هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق لەم مەترسییە.”

هاوکات, ئەمڕۆ یەکشەممە بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، پەیامێکی دیکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بەداخەوەین بۆ شەهیدبوونی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرکردەی دیاری جیهانی ئیسلامی. بۆ ئەم ماتەمە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی گەلی ئێران و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەین. لەم دەرفەتەدا داوا لە جیهان دەکەین هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەکان کە تاکە رێگای سەقامگیرییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”

ئەم پەیامانەی بافڵ تاڵه‌بانی له‌دوای كوژرانی عه‌لی خامنه‌یی، ڕابه‌ری باڵای ئێران و گرژی و ئاڵۆزییه‌ فراوانه‌كانی نێوان ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئیسرائیل دێت.