هەرکەسێک بەنزین گران بکات لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت

دوای ئەوەی دوێنی بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە چەند بەنزینخانەیەکی هەرێمی کوردستان قەڕەباڵغی دروستبوو، لایەنی پەیوەندیدار دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت؛ “سووتەمەنی زۆرە و ڕێگە نادرێت نرخ بەرز بکرێتەوە و قەرەباڵخی ناوێ.”

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ڕایگەیاند: “تەواوی هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، هیچ قەرەباڵخی دروست نەکەن و مەترسییان نەبێت لە نەمانی بەنزین، چونکە زۆرە و نرخیشی جێگیرە.”

جەنگی مەجید گوتیشی: “لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری لیژنەکان چاودێریی نرخی سووتەمەنی دەکەن، هەرکەسێک بەنزین یان جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی گرانبکات سەربەخۆیانە، ئەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.”

نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی کواڵیتی بەرز لە هەولێر لەنێوان 800 بۆ 875 دینارە و لە سلێمانی 875 دینارە.

جگە لە بەنزینی نۆرماڵ، لە هەرێمی کوردستان دوو جۆری دیکە بەنزینی بازرگانیی هەن، ئەوانیش موحەسەن، لیتری بە هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 100 دینارە و سووپەر بە هەزار و 200 بۆ هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت.