کەشناسی هەرێم: پلەکانی گەرما زۆر دادەبەزن و دوو ڕۆژ بەفر و بارانبارین دەبێت

ئەمڕۆ کەشناسی هەرێمی کوردستان کەشی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: دوو ڕۆژ شەپۆڵێکی بارانبارین و بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026 بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو, سەرەتا نمە باران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات، پاشان کاریگەری باران بارین درێژ دەبێتەوە و نمە باران و بارانی مامناوەند لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران دەبارێت .”

کەشناسی گوتیشی: “لە کاتەکانی شەو  ڕێژەی دابارین زیاد دەکات و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم باران دەبارێت, هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکان کەمێک بەفربارین دەبێت .”

سەبارەت بە کەشی سبەی هەینی، کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند: “ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند بە پچڕپچڕی لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت هەروەها لە ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بارین دەبێت .”

کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد، سبەی هەینی پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن لە سەنتەری شارەکان بە نزیکەی 4 بۆ 5 پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان 6 هەتا 7 پلە نزمدەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرما بۆ سبەی بەم شێوەیە:

هەولێر : 12 پلەی سیلیزی 

پیرمام : 8 پلەی سیلیزی

سۆران : 8 پلەی سیلیزی 

حاجی ئۆمەران : 1 پلەی سیلیزی 

سلێمانی : 11  پلەی سیلیزی 

چەمچەماڵ : 12 پلەی سیلیزی

دهۆک : 10 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 12 پلەی سیلیزی 

هەڵەبجە : 13 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 16 پلەی سیلیزی