بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، لە کەرکوک دوو چێشتخانە و شیرنەمەنییەک داخران. بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی کەرکوکیش دەڵێت: لە چێشتخانەیەک بانیۆی حەمامیان بو شوشتن و ئامادەکردنی خواردن بەکارهێناوە.
ڕۆژی چواڕشەممە 25ی شوباتی 2026 دکتۆر عەلی جەمیل، بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستی کەرکووک ڕایگەیاند: “لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەکانمان هەڵمەتێکیان بۆ بەسەرکردنەوەی چێشتخانە، شیرنەمەنی و شوێنە گشتییەکان دەستپێکردووە، ئامانجیش لەم هەڵمەتە چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونیانە بە ڕێکارە تەندروستییەکان.”
دکتۆر عەلی جەمیل گوتیشی: “ئەوەی زۆر جێگەی سەرسوڕمان بوو، لە یەکێک لە چێشتخانەکاندا بینیمان کە بانیۆی حەمامیان بۆ شوشتنەوەی خواردنەکان و دروستکردنی زەڵاتە بەکارهێناوە، ئەمەش کارێکە نە لەڕووی تەندروستی و نە لەڕووی عورفییەوە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە.”
تەندروستی کەرکوک ئاماژەی بەوە کرد، هۆشداریمان بە چەندین شوێنی تر داوە، لە نزیکترین کاتدا سەردانیان دەکەینەوە و لە ئەگەری پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان ڕووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.