مەزڵووم عەبدی: ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، کوردی نەپاراست

ئەمڕۆ نوێترین چاوپێکەوتنی مەزڵووم عەبدی فەرماندی گشتی هەسەدە لەگەل ئاژانسی (PBS)ـی ئەمریکی بڵاوکرایەوە و لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت: “کاتێک حکومەتی سووریا هێرشی کردە سەر ناوچە کوردییەکان، ئەمریکا هەوڵی پاراستنی کوردی نەدا.”

ڕۆژی سێشەممە 24ی شوباتی 2026 مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئەمریکی (PBS) ڕایگەیاند: “ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئۆتۆنۆمیمان دەوێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، حکومەتی دیمەشق تەنیا بە ئیدارەی خۆجێیی ڕازییە، واتە کورد خۆی ناوچەکانی بەڕێوەببات.”

مەزڵووم عەبدی گوتیشی: “هێرشێکی گەورە کرایە سەر ناوچەکانمان و زۆر کەسمان لێ کوژران، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا هێندە بەهێز نەبوو کە هێرشەکان بوەستێنێت و ئەمریکا هەوڵی پاراستنی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان نەدا.”

لە بەشێکی تری قسەکانیشیدا مەزڵووم عەبدی، هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات و بە مەترسییەکی جدی بۆ سەر ناوچەکە وەسف کردووە.