هاتووچۆی هەولێر: هیچ کامێرایەکی شاراوەمان دانەناوە تایبەت بە بەکارهێنانی مۆبایل

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند: هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە دانانی کامیرای شاراوەی تایبەت بە نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی ئوتۆمبێل دەکرێت، دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ کامێرایەکی شاراوەمان دانەناوە و هەر کامێرایەکمان دانا پێشوەختە هاووڵاتیان ئاگاداردەکەینەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، ڕایگەیاند: “هەر کامێرایەک بۆ هەر مەبەستێک دابنێین بە ئاشکرا دایدەنێین و 10 ڕۆژ پێش کارابوونی شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە.”

عەقید هێمن ئەمین گوتیشی: “هیچ کامێرایەکی شاراوەمان نییە، ڕۆژانە لە ڕێگەی ڕادیۆی هاتووچۆوە شوێنی دانانی کامێرا گەڕۆکەکان بڵاودەکەینەوە. تاوەکو ئەمڕۆش کامێرای تایبەتمان نییە بەوەی سەرپێچی بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی بە تەنیا تۆمار بکات.”

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، چەند گرتە ڤیدیۆیەکی کامێراکانی هاتووچۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە، کە گوایە هەر کەسێک پشتێنەی سەلامەتی نەبەستێت یان مۆبایل بەکاربهێنێت لە کاتی شۆفێری تووشی سزای دارایی دەبێتەوە.