ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: زستانی ڕاستەقینە دەگەڕێتەوە و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن، بارستە هەوایەکی سارد بەڕێوەیە و کۆتایی بەو گەرمایە دەهێنێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەستی پێدەکرا.
ڕۆژی یەکشەممە 22ی شوباتی 2026 ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی ڕایگەیاند: “لە سبەی دووشەممەوە کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات، بەهۆیەوە پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ دوو تا سێ پلە نزمدەبنەوە.”
سەبارەت بە کەشی ڕۆژی سێشەممە ئاراس جەبار گوتی: “ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و لە کاتەکانی نێوان نیوەڕۆ بۆ شەو، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک، هەولێر، ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین لە هەندێک کات و شوێندا ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورەبروسکەی کورتخایەن دەبێت.”
ئاراس جەبار ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆتایی هەفتەدا کاریگەری بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکوور بۆ سەر ناوچەکانمان دەستپێدەکات و شەپۆلێکی مامناوەندی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان سپی پۆش دەکات. هەروەها نزمبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەی گەرما ڕوودەدەن، کەشێکی تەواو سارد و زستانە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بهردهوام دهبێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە هەفتەی ڕابردووەوە پلەکانی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە چوون و بۆ ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بەرزترین پلەی سیلیزی بریتییە لە 22 پلە و نزمترین پلە 9 پلەی سیلیزییە.