هەر کەسێک شتومەک گران بکات لێ پێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت

وێنەی کاسبکارێک لەنێو بازاڕی سلێمانی

وەزارەتی بازرگانی عێراق دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات، کە لەمەودوا کەس ناتوانێت کاڵا و شتوومەک لە مانگی ڕەمەزان گران بکات و دەڵێت ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی هێلی گەرمەوە سکاڵا بکەن و ئێمەش بەدواداچوونی بۆ دەکەین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026 موحەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند: “ پلانێکمان لە مانگی ڕەمەزان ئامادەکردووە کە ڕێگریی لە گرانبوونی نرخەکان دەکەین لە بازار.” هەروەها گوتیشی: “خەزێنەیەکی ستراتیژیی پێویست دابینکراوە بۆ ئەوەی خستنەڕووی کاڵاکان لە بازاڕدا هاوسەنگ بێت لەگەڵ ئاستی داواکاریی هاووڵاتییان.”

موحەممەد حنوون، هۆشداریشی بە خاوەن سەرپێچیکارەکان دا و ڕایگەیاند: “چاودێریی هەر حاڵەتێکی قۆرخکاری یان بەرزکردنەوەی بێ پاساوی نرخەکان دەکەین و ڕێکاری یاسایی تووند دژی سەرپێچیکاران دەگرینەبەر.”

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، تیمەکانی چاودێری لە پارێزگاکان ڕاسپێدراون، کە بە شێوەیەکی کتوپڕ سەردانی کۆگەکان بکەن و ڕاپۆرت بدەنە وەزارەتەکەمان.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە کاتێکدایە کە ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی ڕەمەزان خاوەن کۆگەکان شتۆمەک و کاڵا گران دەکەن.