پۆلیسی بەریتانیا، شازادە ئەندروی برای شا چارلزی سێیەمی دەستگیرکرد و میدیا بەریتانییەکانیش ڕایانگەیاند: بە تۆمەتی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ کاری تایبەت و کەیسی ئیپستین دەستگیرکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026 میدیا بەریتانییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە شازادە ئەندرو لە یادی 66 ساڵەی لەدایکبوونی لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی میدیا بەریتانییەکان شازادە ئەندرو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کۆشکی ساندرینگهام لە ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا دەستگیرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پۆلیس بەشێوەیەکی فەرمی ڕاینەگەیاندووە.
دەستگیرکردنی ئەو شازادەیە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوێ و تایبەت بە دۆسیەی ئیپستن لە هەفتەی ڕابردوو و گوایە ئەندرو لە کاتی کارکردنی وەک نێردەی بازرگانیی بەریتانیا، زانیاری و بەڵگەنامەی نهێنی بۆ جێفری ئێپستین ناردووە.
دەربارەی ئەو ڕووداوە، شا چارلزی سێیەم بە کۆشکی ‘بەکینگهام’ی ڕایگەیاندووە، ئەوان “ئامادەن هاوکاری پۆلیس بکەن” لە لێکۆڵینەوەکانیاندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەندرو لە ساڵی 2019 بەهۆی پەیوەندییە ئابڕووبەرەکانی لەگەڵ ئێپستین، لە هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی شاهانەیی کشایەوە و نازناوەکانی لێسەندرایەوە. بەڵام ئەو هەموو تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و ئێستا بە ناوی ئەندرو ماونتباتن ویندزەر دەناسرێت.