بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی غاز لە بینایەکی نیشتەجێبوون لە وڵاتی پاکستان 13 کەس گیانیان لەدەستدا کە لە نێویان ژن و منداڵ هەن. گومان دەکرێت ژمارەی قوربانییان زیاتر بن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026 ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: لە شاری ‘کاراچی’ وڵاتی پاکستان، لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا، بوتڵێکی گەورەی غاز لە بینایەکی نیشتەجێبوون دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستدا کە حەوتیان منداڵن، لە نێویاندا منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ هەیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، تیمەکانی فریاکەوتن زیاتر لە 12 کەسیان بە برینداری لەژێر پاشماوەی بینایەکە ڕزگارکردووە و هێشتا گومان هەیە ژمارەیەکی زیاتری قوربانیان لەژێر پاشماوەی بیناکەدا هەبن.
لە ئێستادا پۆلیس دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانن بۆچی ئەو تەقینەوە ڕوویداوە، تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
کاراچی ناوچەیەکی قەرەباڵغی وڵاتی پاکستانە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی لێی دەژین. ئەمە یەکەم ڕووداو نییە لەم شارە ڕوودەدات، هەر لە مانگی ڕابردوو، ئاگرێکی گەورە لە بازارێکی ناوچەکە کەوتبووەوە و بەهۆیەوە 70 کەس گیانی لەدەستدا.