دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو هێرشێکی ئەلیکترۆنی کرایە سەر ماڵپەڕی ڕووناکی، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: تیمەکانمان توانیان هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە کە لە ڕۆژانی 15 و 16 مانگی شوبات ئەنجامدرابوو پوچەڵبکەنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “ لە ڕێککەوتی 15 و 16ی شوباتی 2026 بەسەرکەوتووی هێرشێکی (DDoS)مان پوچەڵکردەوە کە ماڵپەڕی ‘ڕووناکی’ کردبووە ئامانج.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەڵێت: هێرشەکە پێکهاتبوو لە نزیكەی 10 شەپۆلی یەک لەدوای یەک، کە هەر شەپۆلێک قەبارەی داتاکەی گەیشتووەتە نزیكەی 180 گێگابایت لە چرکەیەکدا و ئەم هێرشە لە ڕێگەی هەزاران ئایپی (IP)ی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا و ملیۆنان داواکاریی ئۆتۆماتیکییەوە (Automated Requests) کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، دەستبەجێ هێرشەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە وەڵامدراوەتەوە و بەرگرییەکی “فرەچین”یان جێبەجێ کردووە.
بەرگرییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە:
دەستنیشانکردن و پاڵاوتنی هێرشەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ.
سنووردارکردنی ڕێژەی داواکارییەکان.
کۆنترۆڵکردنی جوگرافیی سەرچاوەی هێرشەکان.
هاوئاهەنگی لەگەڵ دابینکەرانی ئینتەرنێت (ISP) بۆ بلۆککردنی هێرشەکان لە سەرچاوەوە.
گواستنەوەی خزمەتگوزارییەکە بۆ پارێزەری هەوری (Cloud DDoS Protection) و گۆڕینی ئایپیی گشتی.
میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات کە لە ئێستادا ماڵپەڕی ڕووناکی لەکار نەکەوتووە و خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن.
هێرشی سایبەری DDoS چییە؟
ئەم هێرشە بریتییە لە یەکێک لە هەرە ترسناکترین هێرشە سایبەریەکان کە بەکاردەهێندرێت لەلایەن دەوڵەتان بۆ وەستاندنی خزمەتگوزاریەکانی بنکەیەکی سەربازی، ماڵپەڕێکی ئەمنی، کۆمپانیایەک یاخوود بانکێکی نێودەوڵەتی بۆ زیان گەیاندن بە سەرچاوەکە لە لایەنی داراییەوە.
لەم هێرشەدا کەسی هاککەر هەڵئەستێ بە ناردنی قەبارەیەکی یەکجار گەورە لە ڕیکوێست لە یەک کاتدا لەچەند دەوڵەتێکی جیاوازەوە بۆ سەرچاوەیەک و لە ئەنجامدا سەرچاوەکە ناتوانێ وەڵامی ڕیکوێستەکان بداتەوە و بەم شێوازە خزمەتگوزارەییەکانی ئەوەستێ و چیتر بەکارهێنەران ناتوانن بەکاریبهێننەوە.