سبەی لە هەردوو قەزای ’شنگال’ و ‘تەلەعفەر’ کرایە پشووی فەرمی و لە پارێزگای نەینەواش پشوو بۆ تەواوی فەرمانبەرانی کوردانی ئیزیدی ڕاگەیاندرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 ڕەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی ڕایگەیاند: “بەبۆنەی جەژنی ‘خدر ئەلیاس’ـی کوردانی ئێزیدی، سبەی لە پایزگای نەینەوا و هەردوو قەزای شنگال و تەلەعفەر پشووی فەرمییە.”
ڕەفعەت سمۆ، گوتیشی: “خەڵکی تەلەعفەریش خدر ئەلیاس بە جەژنی خۆیان دەزانن، بۆیە لە قەزای تەلەعفەریش سبەی کراوەتە پشوو”. هەروەها “بڕیاری پشوو هەموو فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی لە سەرانسەری پارێزگای نەینەوا دەگرێتەوە”.
لە ڕۆژی جەژنی ‘خدر ئەلیاسدا’، ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی دەچنە مەزار و پەرستگەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان و نزادەکەن، هەروەها بەپێی بیروباوەڕی ئێزدییەکان، هەرکەسێک ناوی خدر یان ئەلیاس بێت، دەبێت لەماوەی ساڵێکدا سێ رۆژی لەسەر یەک بەڕۆژوو بێت.