سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: “شەربەتی لەکیسەکراو قەدەغەیە” و تەندروستی کۆیەش دەڵێت: فرۆشتنی شەربەت تەنها لەو ساردەمەنییانە ئاساییە کە مۆڵەتیان هەیە و فەرمین.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 هیوا ساڵح، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: “لە مانگی ڕەمەزان چاودێری سەرچاوەی ئەو شەربەتانە دەکەین کە لێیەوە دروستدەکرێن بە تایبەتیش شەربەتە خۆماڵییەکان.”
لەلایەکی دیکەوە د. تارا جەمال، بەرپرسی بەشی خۆپاراستنی تەندروستیی کۆیە ڕایگەیاند: “ئەو شەربەتانەی لە کارگەی فەرمی دروستکراون و مۆڵەتیان هەیە و سەرچاوەکانیان دیارن، ئاساییە لە فرۆشگە و ساردەمەنییەکانیش بفرۆشرێن.” بەڵام لە شوێنەکانی تر ڕێگە پێدراو نییە، بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی بەرهەمهێنانی شەربەتەکە دیار نییە.
هەر لەسەر ئەم بابەتە هۆبەی چاودێری تەندروستیی کۆیە چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە ڕێنماییەکان دەڵێت: “پێویستە هاووڵاتییان دوور بکەونەوە لە کڕینی ساردەمەنی و شیرینی لەو شوێنانەی پابەندی ڕێنماییەکان نین.”
لە کۆتایی ڕێنماییەکانیشدا ئاماژە بەوە دەکات،”هەرکەس و شوێنک پابەند نەبێت بە بڕیاری لیژنەکانمان دەست بەسەر مەوادەکان دەگیرێت و سزای یاسایی و دارایی دەدرێت.”
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، فرۆشگە و ساردەمەنییەکان کۆمەڵێک خواردن و خواردنەوەی وەکو؛ شەربەتی ڕەنگاوڕەنگ، لوقمە قازی و چەندین جۆری شیرینی تر دەخەنە بازاڕەوە، بەشێک لەو خواردن و خواردنەوانە، بەگوێرەی ڕێنماییە تەندروستییەکان شیاو نین بۆ خواردن و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لێیان دووربکەونەوە.