وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو کێشە نییە و دەتوانن لەم ئەپڵیکەیشنە کۆپی مۆڵەتەکانتان پیشانی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ بدەن.”
ڕۆژی چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئێستا هەڵگرانی مۆڵەتی نوێی شوفێری دیجیتاڵی، دەتوانن کۆپی ئەلیکترۆنی مۆڵەتەکەیان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ‘KRDPass’ ببینن، کە هەموو وردەکارییەکی پەیوەست بە مۆڵەتی شۆفێری لە نێو ئەپەکەدا هەیە.”
سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی ‘کەی ئاڕ دی پاس’ وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: “ئەپڵیکەیشنەکە بکەرەوە و وەشانی نوێی دابەزێنە (ئەپدەیتی بکە). پاشان لە بەشی جزدان، مۆڵەتەکەت ببینە.”
هەروەها ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، “لەمەودوا ئەگەر مۆڵەتی نوێی شوفێریت لە لا نەبوو، لە کاتی بینینی مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ، دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی مۆڵەتەکەتان لەسەر ئەپڵیکەیشنی ‘KRDPass’ پیشان بدەن و بێ کێشە تێپەڕ بن.”
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ئێستادا ئەپڵیکەیشنی ‘KRDPass’ لەسەر هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و iOS بەردەستە و هاووڵاتییان دەتوانن لە مۆبایلەکانیان دابەزێنن.
ئەپڵیکەیشنی ‘KRDPass’ یەکێکە لە سیستەمە دیجیتاڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەموو زانیارییەکان لە نێو مۆبایلەکەت دەبێت، ئەم ئەپڵیکەیشنە ئێستا لە قوناغی سەرەتای کارکردندایە و هەنگاو بە هەنگاو خزمەتگوزاری نوێی ئەلیکترۆنی بۆ زیاد دەبیت. لە ئێستادا کۆمەڵێک خزمەتگوزاری وەکو زانیانی مووچە و لە ئێستادا مۆڵەتی شۆفێری بەردەستن.