بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە گرووپە چەکدارەکانی وڵاتی نایجیریا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک گوند؛ دەیان کەسیان کردە قوربانی و چەندین کەسی دیکەشیان ڕفاند.
ڕۆژی شەممە 14ی شوباتی 2026 کەناڵی BBC ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی وڵاتی نایجیریا کە بە (باندیت) ناسراون لە 41 ماتۆڕسکیل پێکهاتبوون و هەر ماتۆڕسکیلێک 2 بۆ 3 چەکداری لەسەر بووە و هێرشیان کردە سەر سێ گوند و نزیکەی 29 کەسیان کوشتووە.
پۆلیسی نایجیریا دەربارەی ئەو ڕووداوە ڕایگەیاند: لە گوندێکیان شەش کەس کوژراون و لە دوو گوندی تریش 20 کەس کوژراون و ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندەکەشیان ڕفاندووە. هەروەها پۆلیس گوتیشی: هێزمان بۆ ناوچەکە ناردووە و هەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان بەردەوامە.
لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە دانیشتووانی گوندەکانی نایجیریا بە کەناڵی BBC ڕاگەیاند: “خەڵک زۆر ترساوە، ئێستا نە دەچنە کێڵگە و نە دەچنە بازار، گرووپەکان مەبەستیان دزی و تاڵانی نییە، بەڵکو زیاتر دەیانەوێت خەڵک بکوژن و ترس دروست بکەن.”
دوای ئەو ڕووداوە دەسەڵاتدارانی وڵاتی نایجیریا، قەدەغەکردنی هاتووچۆیان لە دوای کاتژمێر 8ی ئێوارە ڕاگەیاند و هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی شەوانەش سنووردارکراون.
نایجیریا چەندین ساڵە بە دەست ئەو گرووپە چەکدارانەوە دەناڵێنێت و هەر لە مانگی ڕابردوو زیاتر لە 250 منداڵ لە قوتابخانەیەکی وڵاتەکە ڕفێندران.