وەزارەتی پەروەردە مژدەی ڕەمەزانی بۆ قوتابییان ڕاگەیاند

وێنەی پۆلێک لە قوتابیانی قوتابخانەیەکی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی پەروردەی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند: بۆ هەر وانەیەک لە مانگی ڕەمەزان پێنج خولەکی لێ کەم دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی شوباتی 2026 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومی، جگە لە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، خولەکی هەر وانەیەک کەم دەکرێتەوە بۆ 35 خولەک.

ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆرانە، بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان جێبەجێ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو پارێزگەی هەولێر ڕایگەیاند، هەموو دامودەزگەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگەی هەولێر، دەوامی کارکردنیان کاتژمێرێک کەم دەکرێتەوە.