مەزڵووم عەبدی: داوای حوکمڕانییەکی کوردی لە سووریا دەکەین

ئەمڕۆ لە درێژەی کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر کۆبوونەوە و باسیان لە چەند پرسێکی پەیوەست بە کورد و ناوچەکە کرد.

دوای کۆبوونەوەکە مەزڵووم عەبدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ ئێمە دەمانەوێت حوکمڕانییەکی کوردی لە سووریا هەبێت، پێویستە تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان  لەبەرچاو بگیرێت.”

مەزڵووم عەبدی گوتیشی: “داوای خۆبەڕێوەبەریمان کردووە و دەمانەوێ کورد خۆی هەرێمی خۆی بەڕێوەببات و پێویستە گەرەنتی ئاشتەوایی لە سووریا بکرێت.”

لە کۆتایی قسەکانیدا فەرماندەی گشتی هەسەدە، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی، “سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین, نێچیرڤان بارزانی هاوکار بوو بێمە کۆنفرانسی میونشن و یەک ئامانجمان هەبوو.”

لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ ئەمساڵ دوو شاندی کوردی بەشداریانکرد، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک شاندی فەرمی بانگێشتکراوی هەرێمی کوردستان و مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد وەک شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریانکرد.