مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ئەمڕۆ بە بانگێشتێکی فەرمی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا بەشداربوون و لەگەڵ مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 13ی شوباتی 2026 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر هاوشانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریایان تاوتوێکرد.
ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکبوو لە کۆبوونەوە گرنگەکانی مەزڵووم عەبدی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن. دوای کۆبوونەوەکە مەزڵووم عەبدی بە میدیاکانی ڕاگەیاند: “کۆبوونەوەیەکەی ئەرێنیمان ئەنجامدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سووریا.”
مەزڵووم عەبدی گوتیشی: “گفتووگۆکانمان دەربارەی ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا لەگەڵ داهاتووی گەلی کورد لە سووریا بوون.” هەروەها “ئەو پرسانەی گفتووگۆمان لەبارەیانەوە کرد، باش و ئەرێنی بوون.”
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەم کۆبوونەوەیەی ئەمشەوی سەرکردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، حکومەتی سووریا هاوشانی کورد لەگەڵ مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشداریان لە کۆبوونەوەکە کرد.
مەزڵووم عەبدی ئەوەشی ڕاگەیاند، سبەی لە دووەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە بەشدار دەبم و کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک سەرکردە و سیاسەتمەرداری وڵاتان ئەنجام دەدەم.
ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەڕێوەچوو و دوو شاندی فەرمی کورد لە کۆنفرانسەکە بەشداریانکرد، هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو شاندی فەرمیی هەرێمی کوردستان کە چەندین دیداری لەگەڵ سەرۆک و وەزیرانی وڵاتان ئەنجامدا، هاوکات مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، شاندی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداریان لە کۆنفرانسەکە کرد.