ماڵپەڕێکی ئەمریکی باس لە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکات لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان 

وێنەی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی

ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی باس لە کشانەوەی 100 شەڕڤان دەکات لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان و تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا. 

ڕۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026 ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و ڕایگەیاند: سێ سەرچاوەی ئاگادار دەڵێن، لە ڕۆژانی ڕابردوودا نزیکەی 100 شەڕڤان بەرەو چیای قەندیل لە هەرێمی کوردستان لەسەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان کشاونەتەوە. 

بەگوێرەی سەرچاوەکانی مۆنیتەر، ئەو شەڕڤانانەی کشاونەتەوە نە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن و نە خەڵکی سووریان. ئەمەش بەشێکبووە لەو خاڵانەی کە لە ڕێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق واژۆکرا. 

مۆنیتەر چۆن باسی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەکات؟ 

ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریکی باس لەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا کوردی لاواز کرد و خەونی فیدراڵیی هاوشێوەی عێراقی لێ زەوت کرد، بەڵام لە ڕوویەکی دیکەوە یەکگرتوویی نێوان کوردی ڕۆژئاوا و باشوور زیادی کرد. 

لە باسی سەرۆک بارزانیدا، مۆنیتەر دەڵێت: “سەرۆک بارزانی وەک کەسایەتییەکی دیاری سیاسیی کورد لە جیهاندا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێ و چەندین جار بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەی کردووە بۆ بەرگری لە مافەکانی کورد و پەیوەندییەکی تووندوتۆڵیشی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ هەیە.”

مۆنیتەر لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی باس لە ڕۆڵی کاریگەری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە، “نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵێکی سەرەکی بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنەکانی گرێدراوی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا دەگێرێ.”

هاوکات بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، نێچیرڤان بارزانی بە مەزڵووم عەبدی ڕاگەیاندووە، کشانەوەی شەڕڤانەکان کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریانین “هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ بنیاتنانی متمانە.”

سەرچاوەکانی ماڵپەڕە ئەمریکییەکە ئاشکرای دەکەن، ئەو هەنگاوەی مەزڵووم عەبدی بۆ گەڕاندنەوەی 100 شەڕڤانەکە بەرەو هەرێمی کوردستان ‘هاکان فیدان’ی وەزیری دەرەوەی تورکیا و ‘ئیبڕاهیم کاڵن’ی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیای “خۆشحاڵ کوردووە” و هەر ئەم هەنگاوەش بووەتە هۆی نەرمی نواندی تورکیا بەرانبەر 4 لیوای هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان. 

داڵ میدیا زانیوویەتی، ئەو 100 شەڕڤانە سەر بە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانن (پەکەکە) کە ئێستا لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانن. پڕۆسەی گواستەنەوەی ئەو شەڕڤانانەش لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ قەندیل دەستی پێ کردووە.