دوای هەفتەیەک لە ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی گەنجێکی ناوچەی برادۆست بە ناوی ‘مەتین وەهاب‘ لە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا، باوکی گەنجەکە هەواڵەکە ڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: “بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کوڕەکەم کرد و سوپاس بۆ خوا سەلامەتە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند: “ئێمە هەفتەی ڕابردوو لە رێگەی نوێنەرایەتیی عێراق و کوردستان لە ڕووسیا بە دۆکیۆمێنت هەواڵی کوژرانی ئەو گەنجەمان پێگەیشت و تەنانەت ڕاپۆرتی فەرمیی کوژرانیشیان بۆ ناردین، بۆیە خێزانەکەیمان ئاگادار کردەوە و هەوڵمان بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی چڕکردەوە.”
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: “لەگەڵ ئەوەی بە نیسبەت ئێمە هەواڵێکی خۆشە، بەڵام کار لەسەر ئەوە دەکەین دۆکیۆمێنتی دروست لەبارەی زیندوومانەوەی دروست بکەین و لە ئەنجام ئاگادارتان دەکەینەوە.”
وەهاب خدر، باوکی مەتین لە بارەی ژیانی کوڕەکەی ڕایگەیاند: “بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کوڕەکەم کرد و سوپاس بۆ خوا سەلامەتە.”
مەتین وەهاب، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی دەڤەری برادۆستە، 6 مانگە چووەتە ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا لە بەرانبەر ئۆکراینا. هەفتەی ڕابردوو هەواڵی کوژرانی بە خانەوادەکەی گەیشت و ئەوانیش پرسەیان بۆ دانا، بەڵام شەوی ڕابردوو بەگوێرەی گوتەی باوکی بە تەلەفۆن قسەیانکردووە خۆی پەیوەندی بە باوکییەوە کردووە.