حکومەتی هەرێم پڕۆژەیەکی دیجیتاڵی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چیای کۆرەک پڕۆژەی ‘ئی پسوولە’ی ڕاگەیاند و لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە پارەی پسوولەکان بدەن بە شێوازی ئۆنڵاین.

ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی عەلی ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی کوردستان و عێراق پڕۆژەی ئی پسوولە E-Psuleی ڕاگەیاند.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، مەسرور بارزانی سەبارەت بە گلەی و گازندەی هاووڵاتیان بۆ نرخی زۆری کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی، ڕایگەیاند: گەر هەر هاووڵاتییەک لە ڕێگەی ‘ئی پسوولە’ پارەی کارەبا بدات، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 30 ڕۆژی داهاتوو 20% داشکاندنی بۆ دەکرێت.

ئی پسوولە E-Psule ماڵپەڕێکی خزمەتگوزاریی حکومییە، کە هاووڵاتیان لە رێگەیەوە دەتوانن پارەی پسوولەکان و خزمەتگوزارییەکان بە ئۆنڵاین و کەمترین کات بدەن. هاوکات هیچ کرێیەک نایەتە سەر پارەدانەکە و پڕۆژکە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.