ئەمڕۆ، کۆمپانیای تایبەت بە پشکنینی ساڵانەی ئۆتۆمبێل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا هۆشداری بە شۆفێران دەدات و دەڵێت: “ئەگەر لە کاتی خۆیدا سەردانمان نەکەن سزایی دارایی دەدرێن.“
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی شوباتی 2026, کۆمپانیای PVI، بۆ پشکنینی هونەری ساڵانەیی ئۆتۆمبێل ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی 1-3-2026 کار بە وەرگرتنی کرێی پشکنینی تەکنیکی ساڵانەیی دەکرێت لەw ئۆتۆمبێلانەی کە ساڵانە ئامادەنەبوون بۆ ئەنجامدانی پشکنینی تەکنیکی ساڵانەیی، بە پشتبەستن بە کۆتا پشکنینی تەکنیکی کە بۆ ئۆتۆمبێلەکە ئەنجامدراوە.
کۆمپانیای PVI ئاماژەی بەوەش کرد، وەگرتنی کرێی ساڵانە بەم شێوەیە دەبێت:
1. ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی یاسایی خۆیان و ساڵانە پشکنینی تەکنیکی ئەنجام دەدەن، کرێی پشکنینیان هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ بڕە پارەیەکیان لێوەرناگیرێت.
2. ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەک ساڵ دوادەکەون لە پشکنین، جگە لە کرێی پشکنینی ئاسایی، بە ڕێژەی 50% لە کرێی ئەو ساڵەی دواکەوتووە لێی وەردەگیرێت.
3. ئەو ئۆتۆمبێلانەی کەوا لە یەک ساڵ زیاتر لە پشکنین دواکەوتوون، ساڵی یەکەم 50% کرێی لێ وەردەگیرێت و لە ساڵی دووەم و زیاتر 100% کرێی لێ وەردەگیرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەش دەڵێت: “داوا لەسەرجەم شۆفێرانی خۆشەویست دەکەین لە پێناوی سەلامەتی گیانیان و پاراستنی سەروماڵیان، ساڵانە لە کاتی خۆیدا سەردانی بنکەکانی پشکنین بکەن بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان.”