دوێنی دۆسیەی لاهوور جەنگی و ژمارەیەک دەستگیرکراوی تری ڕووداوەکەی لالەزار ڕەوانەی هەولێر کران و ئەمەش دوای ئەوە دێت کە مانگی ڕابردوو، دادگەی سلێمانی ئەو بڕیارەی دەرکردبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی شوباتی 2026 قادر ئاغا مەنتک، پارێزەری دەستگیرکراوانی لالەزار ڕایگەیاند: “دوای چەند جارێک دواخستن بە پاساوی جیاواز، دوێنێ دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بە فەرمی گەیشتە دادگەی تەمیز لە هەولێر.”
قادر ئاغا مەنتک، گوتیشی: “ئێمە تانەمان لە وەرگرتنی ئیفادەی کاک لاهوور و هاوڕێکانیشی داوە، بۆیە دۆسیەکە هێندراوەتە دادگەی تەمیز و جگە لە شێخ لاهوور و کاک پۆڵادی برای 10 کەسی دیکە لە هاوڕێکانی تێدایە”.
پارێزەر ئاغا مەنتک ئاماژەی بەوەش کرد، “تەواوی دۆسیەکە نێردراوە، دادوەری تەمیز بڕیاری لەسەر دەدات کە دادگەییکردنی هەر 12 کەسەکە لە کام دادگەی هەرێمی کوردستان و لە کام پارێزگە دەبێت”.
لە ڕێکەوتی 12-1-2026 بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و ڕایگەیاند: دۆسیەکە ڕەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.