لە پەیامێکدا سەرۆک مەسعود بارزانی سوپاسی گەلی کوردستان دەکات بۆ یەک دەنگی و یەک هەڵوێستیان بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت: “ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی شوباتی 2026 بارەگای بارزانی پەیامێکی سەرۆک بارزانی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەدا ڕایگەیاند: “خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.”
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە.
هەروەها دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو ڕێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکەم کە ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا. بێگومان ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت.
خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن.
مسعود بارزانی
4ی شوباتی 2026