27 بارهەڵگری هاوکاری دەنێردرێتە ڕۆژئاوای کوردستان

وەزارەتی دارایی هەرێم لە درێژەی هاوکارییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بڕیارە 27 بارهەڵگر بە نزیکەی 9 هەزار پاکێجی خۆراک بگەنە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 9ی شوباتی 2026، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هاوکارییەکانمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتوون و بە زووترین کات دەروازە سنوورییەکان تێدەپەڕێنن و هاوکارییەکانمان پێکهاتوون لە هەشت هەزار و 910 پاکێجی خۆراک و کێشی هەریەکێکیان 26 کیلۆگرامە و بە گشتی 230 تۆن دەبێت.

هونەر جەمال گوتیشی: هاوکارییەکان لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە دابەشدەکرێن و ئەو خێزانانەی کە شایستەن سوودمەند دەبن لە هاوکارییەکان.

ماوەی چەند ڕۆژێکە ئاگربەست لە ناوچە کوردییەکان ڕاگەیاندراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات: “سزادانی بەکۆمەڵ بەسەر کۆبانێدا سەپێندراوە و نیو ملیۆن کەس مەترسیی برسێتییان لەسەرە.”